ئەنجلینا جۆولی
خانمەکتەر، فیلمساز و چاکەکارێکی ئەمریکی / From Wikipedia, the free encyclopedia
ئەنجلینا جۆولی (بە ئینگلیزی: Angelina Jolie، گۆکردن: /dʒoʊˈliː/؛ پێشتر: جۆولی پیت،[1] لەدایکبووی ٤ی حوزەیرانی ١٩٧٥)[2] خانمەکتەر، فیلمساز و چاکەکارێکی ئەمریکییە. براوەی چەندین خەڵاتە لەوانە؛ بەدەستھێنەری خەڵاتی ئۆسکار، ھەروەھا سێ خەڵاتی گۆڵدن گلۆبە. چەندجارێک وەک گرانترین ئەکتەر لە لوتکەی خانمەکتەرەکانی ھۆلیوود ناوی ھاتووە.
ئەنجلینا جۆولی | |
---|---|
لەدایکبوون | ئەنجلینا جۆولی پیت (١٩٧٥-٠٦-٠٤) ٤ی حوزەیرانی ١٩٧٥ (تەمەن ٤٨ ساڵ) |
شارۆمەندێتی | ئەمریکا، کەمبۆدیا، سارایێڤۆ (شانازی) |
پیشە | ئەکتەر، دەرھێنەر، نووسەر، بەرھەمھێنەر، خێرخواز |
چالاکبوون | ١٩٨٢; ١٩٩١– بەردەوامە |
ھاوسەر | جۆنی لی میڵەر (١٩٩٦–١٩٩٩) بۆب ترۆتنتن (٢٠٠٠–٢٠٠٣) براد پیت (٢٠١٤–تا ٢٠١٩) |
مناڵ(ەکان) | ٦ |
باوان(ەکان) | جۆن ڤۆیت مارچێلین بێرتراند |
خزمەکان | جەیمس ھاڤین (برا) چیپی تایلۆر (خاڵ) |
ئەنجلینا لەیەکەم فیلمیدا بە منداڵی لەپاڵ باوکی دەرکەوت، کاتێک لەفیلمی لووکین تو گێت ئاوت (١٩٨٢)ی دەرھێنەر جۆن ڤۆیت (باوکی) بەشداربوو، بەڵام ژیانی کارکردنی لە فیلم دوای دە ساڵ لەو فیلمە دەستیپێکرد، ئەمەش کاتێک بەفیلمێکی تێچوو کەم بەناوی سایبورگ ٢ (١٩٩٣)، دواتر لەیەکەم ڕۆڵی سەرەکی خۆیدا بەفیلمی ھاکەرز (١٩٩٥) بەشداربوو. دواتر لەچەند فیلمێکی ژیاننامەیی بەشداربوو لەوانە؛ جۆرج والاس (١٩٩٧) و جیا (١٩٩٨)، کە بوونە جێگای بایەخی ڕەخنەگران، ھەروەھا بەھۆی بەشداریکردنی لەفیلمی گێرل، ئینتەرپتد (١٩٩٩) ئەوا خەڵاتی ئۆسکاری پێدرا وەک باشترین کچەئەکتەری پاڵپشت. دواتر بەشداربوو لە فیلمی لارا کرۆفت: تۆمب ڕایدەر (٢٠٠١) بە کارەکتەری یاری ڤیدیۆیی لارا کرۆفت، ئەمە وایکرد ناو و ناوبانگی بگاتە لووتکەی کچەئەکتەرەکانی ھۆلیوود. دواتر بەردەوامی بە فیلمە ئاکشنەکانی دا بەبەشداربوونی لەفیلمەکانی؛ مستەر & مسز سمیت (٢٠٠٥)، وانتد (٢٠٠٨) و ساڵت (٢٠١٠)، ھەروەھا پێشوازییەکی باشی وەرگرت لەلایەن ڕەخنەگرانەوە کاتێک لە دوو فیلمی درامی دەرکەوت بەناوەکانی؛ ئە مایتی ھارت (٢٠٠٧) و چێنجلین (٢٠٠٨)، کە ئەمەی دووەم، وایکرد جوولی ببێتە پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسکار وەک باشترین خانمەئەکتەر. گەورەترین سەرکەوتنی بازرگانی ئەو، لە فیلمی مالیفیسنت (٢٠١٢) بوو. لە دەیەی ٢٠١٠، ئەنجلینا کارەکانی لەسینەما فراوانترکرد بۆ دەرھێنان، سیناریۆنووسین، بەرھەمھێنان لەفیلمەکانی ئن زە لاند ئۆف بلەد ئەند ھەنی (٢٠١١)، ئەنبرۆکن (٢٠١٤)، فێرست زەی کیلد مای فازەر (٢٠١٧).
لە پاڵ کارکردنی لەفیلم، جۆولی خەریکی کارە مرۆڤایەتییەکانە، بۆ ئەوەش خەڵاتی جان ھەرشۆلتی مرۆڤایەتی پێدراوە، ھەروەھا شانازی قەدیس میخائیل و قەدیس جۆرج (DCMG) وەرگرتووە، لەگەڵ چەند خەڵاتی دیکەش. ئەنجلینا لە چەندین بوار کاردەکات، لەوانە ژینگە، پەروەردە، مافەکانی ژنان، و دیارترین کاریشی وەک کەسایەتی چاکەکار کاردەکات لەگەڵ کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران (UNHCR).
وەک کەسایەتییەکی گشتی، جۆولی بەیەکێک لە کاریگەرترین کەسەکان لەنێو بواری کاتبەسەربردن (ئینتەرتەینمێنت) ی ئەمریکی دادەنرێت. بۆ چەندین ساڵ، لەلایەن چەند میدیایەکەوە بەجوانترین ژنی جیھان دادەنرا، و ژیانی ڕۆژانەشی بووە جێگای بایەخی خەڵک. ئەنجلینا لەھەریەکە لە ئەکتەران جۆنی لی میڵەر، بیلی بۆب تۆرنتن و برادپیت جیابووەتەوە؛ لەگەڵ پیت خاوەنی شەش منداڵن، کە سێ دانەیان ھەڵگیراونەتەوە لەجیھان.