دژە کۆمۆنیزم
From Wikipedia, the free encyclopedia
دژە کۆمۆنیزم دژایەتی سیاسی و ئایدیۆلۆژییە بۆ بیروباوەڕ و گروپ و تاکەکانی کۆمۆنیستی. دژە کۆمۆنیزمی ڕێکخراو لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ لە ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا پەرەی سەند و لە کاتی جەنگی سارددا گەیشتە هەموو گۆشەیەکی جیهان، کاتێک ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت خەریکی ڕکابەرییەکی توند بوون. دژە کۆمۆنیزم توخمێکی زۆرێک لە بزووتنەوە و پێگەی سیاسی جیاواز بووە، لەوانە ئەنارکیزم ، ناوەندگەرایی، کۆنەپەرستی ، فاشیزم، لیبرالیزم، ناسیۆنالیزم، سۆسیال دیموکراسی، سۆسیالیزم، چەپگەرایی و ئازادیخوازی، هەروەها بزووتنەوە بەرفراوانەکانی بەرەنگاریی حوکمڕانی کۆمۆنیستی بوون. هەروەها دژە کۆمۆنیزم لە فەلسەفەدا و لەلایەن چەندین گروپی ئایینی و لە ئەدەبدا دەربڕدراوە. هەندێک لە لایەنگرانی ناسراوی دژە کۆمۆنیزم کۆمۆنیستەکانی پێشوون.
یەکەم ڕێکخراو کە تایبەتکرا بوو بە دژایەتیکردنی کۆمۆنیزم بزووتنەوەی سپیی ڕووسیا لە ١٩١٨ بوو، چالاکییەکانیان لە شەڕی ناوخۆییی ڕووسیادا دەستی پێکرد، کۆمەڵەکە دژی حکومەتی بەلشەفیکی کە کە تازە دامەزرابوو دامەزرا . بزووتنەوەی سپی لە ڕووی سەربازییەوە لەلایەن چەندین حکومەتی بیانیی هاوپەیمانەوە پشتگیری کرا کە یەکەم نموونەی دژە کۆمۆنیزمیان وەک سیاسەتێکی حکومەت نیشان دا. سەرەڕای ئەوەش سوپای سوور بزووتنەوەی سپی شکستی هێنا و یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٢٢ دروست بوو. لە سەردەمی بوونی یەکێتی سۆڤیەتدا، دژە کۆمۆنیزم بووە تایبەتمەندییەکی گرنگی زۆرێک لە بزووتنەوە و حکومەتە سیاسییە جیاوازەکان لە سەرانسەری جیهاندا.
لە ئەمریکادا، دژە کۆمۆنیزم لە کاتی یەکەم ترساندنی سوور لە ساڵانی ١٩١٩-١٩٢٠دا هاتە ئاراوە. لە ماوەی ساڵانی بیست و سییەکانی سەدەی ڕابردوودا دژایەتی کۆمۆنیزم لە ئەورووپا لەلایەن کۆنەپەرستان و پاشایەتیخوازان و فاشیستەکان و لیبراڵەکان و سۆسیال دیموکراتەکانەوە پەرەی پێدرا. حکومەتە فاشیستەکان لە ساڵانی ١٩٣٠دا وەک نەیارێکی سەرەکی کۆمۆنیزم سەریان هەڵدا. لیبراڵ و سۆسیال دیموکراتەکان لە ئەڵمانیا بەرەی ئاسنیان پێکهێنا بۆ دژایەتیکردنی کۆمۆنیستەکان و فاشیستەکانی نازی و پاشایەتی کۆنەپەرستان بە هەمان شێوە. لە ساڵی ١٩٣٦ پەیمانی دژە کۆمینتەرن کە سەرەتا لە نێوان ئەڵمانیای نازی و ئیمپراتۆرییەتی ژاپۆن بوو، وەک هاوپەیمانییەکی دژە کۆمۆنیست پێکهێنرا. لە ئاسیا ، ئیمپراتۆری ژاپۆن و کوۆمینتانگ (پارتی ناسیۆنالیستی چینی) پێشەنگی هێزە دژە کۆمۆنیستەکان بوون لەم قۆناغەدا.
تا ساڵی ١٩٤٥ یەکێتی سۆڤیەتی کۆمۆنیست ناوێکی سەرەکی بوو لە وڵاتانی هاوپەیمان کە لە جەنگی جیهانی دووەمدا دژی زلهێزەکانی میحوەر دەجەنگان. دوای ماوەیەکی کەم لە کۆتایی هاتنی شەڕەکە، ڕکابەریی نێوان یەکێتی سۆڤیەتی مارکسی – لینینی و ئەمریکای سەرمایەداری لیبراڵ بووە هۆی شەڕی سارد. لەم ماوەیەدا حکومەتی ئەمریکا ڕۆڵێکی پێشەنگی بینی لە پشتیوانیکردنی دژە کۆمۆنیزمی جیهانی وەک بەشێک لە سیاسەتی خۆگرتن . ململانێ سەربازییەکانی نێوان کۆمۆنیستەکان و دژە کۆمۆنیستەکان لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان ڕوویدا، لەوانە لە کاتی جەنگی ناوخۆییی چین، جەنگی کۆریا، باری نائاسایی مالای، جەنگی ڤێتنام، جەنگی سۆڤیەت-ئەفغانستان و ئۆپەراسیۆنی کۆندۆر. ناتۆ وەک هاوپەیمانییەکی سەربازی دژە کۆمۆنیست لە ساڵی ١٩٤٩ دامەزرا، و بە درێژایی جەنگی سارد بەردەوام بوو.
دوای شۆڕشەکانی ساڵی ١٩٨٩ و هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١، زۆربەی حکومەتە کۆمۆنیستەکانی جیهان ڕووخێنران و شەڕی سارد کۆتایی هات. سەرەڕای ئەوەش، دژە کۆمۆنیزم وەک توخمێکی فیکری گرنگی زۆرێک لە بزووتنەوە سیاسییە هاوچەرخەکان مایەوە. بزووتنەوە ڕێکخراوە دژە کۆمۆنیستەکان تا ئێستاش دژایەتی کۆماری گەلی چین و گەلانی تری کۆمۆنیست دەکەن.