پەردەی کچێنی
ئەو پەردەیەی کە دەرچەی دەرەوەی زێ دەورە دەدات یان بەشێکی دادەپۆشێت / From Wikipedia, the free encyclopedia
پەردەی کچێنی (بە ئینگلیزی: Hymen) پارچەیەکی تەنکی لینجەپەردەیە کە ھەموو یان بەشێکی دەرچەی زێ لە کۆئەندامی زاوزێی ژن دادەپۆشێت، ئەستوورییەکەی نزیکی ١ میلیمەترە.[1][2]
لە تەمەنی مناڵیدا، پەردەی کچێنی بە زۆر شێوە دەردەکەوێت، بەڵام باوترینیان شێوەی مانگیلەییە، لەکاتی باڵقبوون و لە تەمەنی ھەرزەکاریدا ھۆڕمۆنی ئێسترۆجین دەبێتە ھۆی گۆڕانی شیوەی پەردەی کچێنی و ھەروەھا جیڕ و لاستیکی دەبێت.[3][4] لەدوای باڵقبوون پەردەی کچێنی چەندین شێوەی جیاوازی ئاسایی ھەیە لە کەسێک بۆ کەسێکی دی جیاوازە، کە ھەیە تەنکە و توانایی کشانی ھەیە، ھەشە ئەستوورتر و ھەندێک جاریش ڕەق.[2]
بەشێوەیەکی گشتی پەردەی کچێنی لە یەکەم سێکسدا (کە ئەندامی زاوزێی نێرینە و مێینە بەیەک دەگەن) لادەچێت یان دەدڕێت، و ھەروەھا لەگەڵیدا ئازار و کەمێک خوێن بەربوونی کاتی دەبێت یان ھەر پەڵەیەکی خوێنی بچووک دەبینرێت. ھەرچەندە سەرچاوەکان جیاوازن لەوەی کە خوێنبینین و دڕانی پەردەی کچێنی لە دوای یەکەم سێکس ڕێژەی چەنێکە و ئەگوترێت ڕەنگە ھەر خوێن نەبینرێت.[5][6][7]
لە ڕاستیدا ناتوانرێت پشت بە حاڵی (ھەبوونی) پەردەی کچێنی ببەسترێت بۆ سەلماندنی پاکیزەیی، واتە ئەگونجێت لە ھەندێک حاڵەتدا، پەیوەندی سێکسی ئەنجام درابێت و پەردەکەش لانەچووبێت، یاخود بە پێچەوانەوە پەردەکە بە ھۆیەکی دوور لە سێکس لاچووبێت.[8][1][9][10] ھەرچەندە لە ھەندێک کلتووردا ھێشتا پشتی پێ دەبەسترێت، و پشکنینی پەردەی کچێنی بۆ دەکرێت لەلایەن پزیشکانی دادوەری.[11][12][13] پەردەی کچێنی لەتواناییدایە بەرگەی ھەندێک زەبری بچووک بگرێت و نەدڕێت یاخود چاک ببێتەوە لە ھەندێک حاڵەتدا ئەگەر برینەکە زۆر بچووک بێت ئەوا نیشانەشی دیار نامێنێت.[8][14]