زانستی ماددە
From Wikipedia, the free encyclopedia
وەک ھەر زانستێکی تر، ماددە زانی یان زانستی ماددە[1][2] مێژوێکی دورو درێژی ھەیە و لە ھەر سەردەمێک و لە ناوچە جیاجیاکان پەرەی سەندوە. لە سەدەی ڕابردوەوە بەتایبەت بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندوە و پۆلێن کراوە بەسەر چەند تاقمێک کە بریتین لە کانزا، سێرامیک، پۆلیمەر (فرەپاژ[3]) و مادەی پێشکەوتوو. بە شێوەیەکی گشتی مادە کانزاییەکان گشت ئەو توخمی کیمیایی، ئاوێتە و داڕشتە کیمیاییانە دەگرێتەوە کە توانای گەیاندنی کارەبایی و گەرمی باشیان ھەیە. بە ھەر ماددەیەک کە لەگەڵ کاربۆن (کارباید)، نایترۆجین (نایتراید) و ئۆکسیجن (ئۆکساید) کارلێکی کیمیایی کردبێت،[4] دەگوترێ ماددەی سیرامیکی.[5] ئەم ماددانە بە شێوەیەکی بەرفراوان لەدەوروبەری خۆمان دەیان بینین وەک: شوشە، بەردەکان، خۆڵ و… ھتد. پۆلیمەر کە گەردێکە و لە چەند پاژێک پێک ھاتوە (پاژ بچوکترین پێک ھاتەی پۆلیمەرە) بە چەندین شێوەی جیاواز دەردەکەون وەک: بەرھەمە نەوتیەکان.[6] لەکۆتاییش دا، ماددەی پێشکەوتوو بەشێکە لە زانستی ماددە کە لە چەند جۆرێک ماددە پێک دێت. بۆ نموونە: نیمچەگەیەنەر، ماددەی ھۆشمەند و تەکنۆلۆژیای نانۆ چەند جۆرێکن لە ماددەی پێشکەوتوو کە بەشدارن لە تەکنۆلۆژیای سەردەم.[١]