خەمۆکی
بارێکی دەروونی / From Wikipedia, the free encyclopedia
خەمۆکی یان ژاکاوی (بە ئینگلیزی: Depression) یەکێکە لە نەخۆشییە دەروونییەکان. دەتوانرێت بە بارێکی ھەستکردن بە غەمباری، دڵتەنگی، بەدبەختی، بێچارەیی، ھەستکردن بە فەرامۆشکراوی و، بێھیوایی وەسف بکرێت. زۆربەی مرۆڤەکان ھەر جارێک دەبێت ھەست بەم حاڵەتە بکەن لە ژیانیاندا بەڵام تەنیا بۆ ماوەیەکی کەم و درێژە ناکێشێت. خەمۆکیی توند و ڕاستەقینە بریتییە لە کێشەی ھەوەسی مرۆڤ کە تێیدا ھەست دەکات بە غەمباری، گومبوون (Loss)، تووڕەیی و بێھیوایی لە ھەموو ڕۆژێکی ژیاندا و بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.
ئەم وتارە بەزۆری یان بەتەواوی پشت بە تەنیا یەک سەرچاوە دەبەستێت. |
خەمۆکی دەبێتە ھۆی گۆڕان یان لادانی دیدی ئەو کەسە بۆ خودی خۆی و ژیانی و کەسانی دەوروبەری، بە واتایەکی تر کەسی خەمۆک ڕەشبینە بەرامبەر بە ھەموو شتێک و زۆر نەرێنییە بەرامبەر بە ھەموو ڕووداوێک و ناتوانێت وا وێنا بکات کە ھەر ڕووداوێک، کێشەیەک، یان ھەڵوێستێک بە شێوەیەکی ئەرێنی چارەسەر دەبێت. توێژینەوە زانستییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە نزیکەی ١٢٠ ملیۆن کەس لە جیھاندا تووشی نەخۆشیی خەمۆکی بوون، کە لە ٪١٥-٢٥ ژنان و ٪١٠-١٥ لە پیاوانن.[1]