باخچەی وشەکان
فیلمێکی ئەنیمێی ژاپۆنیی ٢٠١٣ی دەرھێندراوی ماکۆتۆ شینکای / From Wikipedia, the free encyclopedia
باخچەی وشەکان (بە ژاپۆنی: 言の葉の庭، بە ڕۆماجی: کۆتۆنۆھا نۆ نیوا) فیلمێکی درامیی ئەنیمێی ژاپۆنیی ٢٠١٣یە، کە نووسین، دەرھێنان و ئامادەکردنی لەلایەن ماکۆتۆ شینکای بۆ کراوە. لەلایەن کۆمیکس وەیڤ فیلمز بە ئەنیمەیشن کراوە و لەلایەن تۆھۆ دابەش و بڵاو کراوەتەوە. مییوو ئیرینۆ و کانا ھەنازاوا ڕۆڵیان تێدا گێڕاوە، و مۆسیقاکەی لەلایەن دایسوکێ کاشیوا بۆ دانراوە لە جیاتیی تێنمۆن، کە ئاوازی بۆ زۆربەی فیلمەکانی پێشووی شینکای داناوە. ئاوازی گۆرانییەکە، «باران (Rain)»، لە بنەڕەتدا لەلایەن سێنری ئۆی لە ١٩٨٨ نووسراوە و جێبەجێ کراوە، بەڵام بۆ فیلمەکە دووبارە دروست کرایەوە و لەلایەن مۆتۆھیرۆ ھەتا وترا. فیلمەکە لە مانگایەکەوە، کە وێنەکردنەکانی لەلایەن میدۆری مۆتۆھاشی بۆ کراوە دروست کراوە، و دواتر لەلایەن شینکای کراوە بە ڕۆمان، کە ھەردووکیان لە ھەمان ساڵی فیلمەکە بوون.
باخچەی وشەکان | |
言の葉の庭 (کۆتۆنۆھا نۆ نیوا) | |
---|---|
چەشن | دراما، ڕۆمانسی[1] |
مانگا | |
نووسەر | ماکۆتۆ شینکای |
وێنەکێش | میدۆری مۆتۆھاشی |
بڵاوکەرەوە | کۆدانشا |
بڵاوکەرەوەی ئینگلیزی | NA ڤێرتیکاڵ |
دێمۆگرافیا | سێینن مانگا |
گۆڤار | ئافتەنوونی مانگانە |
وەشانی ڕەسەن | ٢٥ی نیسانی ٢٠١٣ – ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ |
بەرگەکان | ١ |
فیلمی ئەنیمێ | |
دەرھێنەر | ماکۆتۆ شینکای |
بەرھەمھێنەر | نۆریتاکا کاواگوچی |
نووسەر | ماکۆتۆ شینکای |
ئاوازدانان | دایسوکێ کاشیوا |
ستودیۆ | کۆمیکس وەیڤ فیلمز |
مۆڵەتنامە لە لایەن | AUS مادمان ئینتەرتەینمنت NA سێنتای فیلمۆرکز ئەنیمێ لیمیتد |
بڵاوبوونەوە |
|
ماوەی پەخش | ٤٦ خولەک |
زنجیرەڕۆمان | |
نووسەر | ماکۆتۆ شینکای |
بڵاوکەرەوە | کادۆکاوا شۆتین |
دێمۆگرافیا | سێینن |
گۆڤار | دا ڤینچی |
وەشانی ڕەسەن | ئەیلوولی ٢٠١٣ – نیسانی ٢٠١٤ |
بەرگەکان | ١ |
دەروازەی ئەنیمێ و مانگا |
فیلمەکە سەرنج دەخاتە سەر تاکاوۆ ئاکیزوکی، پێڵاوسازێکی ١٥ ساڵ کە حەزێکی زۆری بۆ دروستکردنی پێڵاو ھەیە، و یوکاری یوکینۆ، ژنێکی ٢٧ ساڵی سەیر کە ئاکیزوکی بەردەوام لە بەیانییە باراناوییەکاندا لە باخچەی نیشتیمانیی شینجوکو گیۆئین چاوی پێ دەکەوێت. لەکاتێکدا تاکاوۆ وانەی بەیانیانی خۆیی لەبەر دروستکردنی پێڵاوەکان جێ دەھێشت، یوکاری لەبەر کێشە تایبەتییەکانی ژیانی پیشەییی خۆی، خۆی لە کار دەدزییەوە. یوکاری ھیچ شتێک دەربارەی خۆی بۆ نموونە ناوی خۆی بە تاکاوۆ ناڵێت، لەکاتێکدا تاکاوۆ بە وتنی تامەزرۆییی خۆی بۆ پێڵاوەکان و پێشکەشکردنی دروستکردنی جووتێک پێڵاو بۆ یوکاری دەست پێ دەکات. کە تاکاوۆ کەسایەتیی یوکاری دەناسێت، ھەستەکان دەگەنە لووتکە چونکە ھەردووکیان تێدەگەن کە یەکترییان فێر کردووە «چۆن بە پێ بڕۆن». شینکای چیرۆکەکەی بە ناونیشانی چیرۆکی «دڵتەنگیی تەنیایی»، لەسەر بنەمای مانای وشە کۆنە ژاپۆنییەکە بۆ «خۆشەویستی» نووسی، و پێڵاوەکانی وەک خوازەیەک بۆ ژیان بەکارھێنا. بیرۆکە سەرەکییەکانی چیرۆکەکە بریتین لە باران، شیعرەکانی مان یۆشوو، و باخچە ژاپۆنییەکە. بە وتەی شینکای، جیاوازیی تەمەن لەنێوان دوو کەسایەتییە سەرەکییەکە و تایبەتمەندییەکانیان ئەوە دەردەخات کە چۆن خەڵک بەشێوەیەکی پچڕپچڕ و بەناڕێکی پێگەیشتوون، ھەتا ھەندێ جار باڵغەکانیش ھەست بە پێگەیشتنی زیاتر لە مێردمناڵەکان ناکەن.
بۆ یەکەم جار باخچەی وشەکان لە ٢٨ی نیسانی ٢٠١٣ لە فێستیڤاڵی گۆڵد کۆست فیلم لە ئوسترالیا نمایش کرا و لە ٣١ی ئایاری ٢٠١٣ لە ژاپۆن بڵاوکردنەوەیەکی گشتیی ھەبوو. بۆ یەکەم بڵاوکردنەوەی ژاپۆنی، فیلمەکە لەگەڵ کورتەئەنیمەیشنێک بەناوی دارێکا نۆ مانازاشی (だれかのまなざし، وەرگێڕانی وشە بە وشە: تێڕوانینی کەسێک)، کە ھەر لەلایەن شینکای دەرھێندراوە نمایش کرا. باخچەی وشەکان خشتەیەکی بڵاوکردنەوەی نائاساییی ھەبوو چونکە لەو کاتەی یەکەم نمایشی سینەماییی ژاپۆنیی ھەبوو، لە ھەمان ڕۆژدا بە دیجیتاڵی لەسەر ئایتیوونس بڵاو کرایەوە، و لە ٢١ی حوزەیران، دی ڤی دی و بلوڕەیەکەی بڵاو کرانەوە لەکاتێکدا فیلمەکە ھێشتا لە سینەماکان بوو. فیلمەکە لەلایەن سێنتای فیلمۆرکز لە ئەمریکای باکوور، ئەنیمێ لیمیتد لە شانشینی یەکگرتوو و مادمان ئینتەرتەینمنت لە ئوسترالیا مۆڵەتی پێ دراوە. فیلمەکە ماوەیەکی باش لە سینەماکان نمایش کرا و لە چەندین بۆنەی فیلمی ناوخۆیی و جیھانی میوانداری کرا. بە درێژاییی ٢٠١٣ لە کۆگای ئایتیوونس پلەیەکی بەرزی ھەبوو، و وەک باشترین ئەنیمەیشنی ساڵ لە باشترینی ٢٠١٣ی ئایتیوونس ھەڵبژێردرا. خەڵاتی فیلمی سینەماییی کۆبیی ساڵی ٢٠١٣ و خەڵاتەکانی فێستیڤاڵی فیلمی نێونەتەوەییی فانتازیا و فێستیڤاڵی شتووتگارتی فیلمی ئەنیمەیشنی بردەوە. پێداچوونەوە سەرھێڵەکان بەگشتی باش بوون لەگەڵ پێداھەڵدانی جیھانی بە نیگارکێشییەکە، ھەرچەندە بۆچوونەکان دەربارەی چیرۆکەکە، ماوەی چیرۆکەکە و سۆزی خاڵی وەرچەرخانی چیرۆکەکە جیاواز بوون.