ئێمیلی دیکینسۆن
From Wikipedia, the free encyclopedia
ئێمیلی ئێلیزابێت دیکینسۆن (بە ئینگلیزی: Emily Elizabeth Dickinson) ناسراو بە ئێمیلی دیکینسۆن یان ئێمیلی دیکینسن (١٠ی کانوونی یەکەمی ١٨٣٠–١٥ی ئایاری ١٨٨٦) شاعیرێکی ئەمریکی بوو. ئێمیلی لە ساڵی ١٨٣٠دا لە ئەمھێرستی ماساچووسیتسدا لەدایک بووە و ھەر لەوێش ماوەتەوە و کۆچی دوایی کردووە. ھیچ کات ژیانی ھاوبەشی پێک نەھێناوە و ھەتا کۆتایی ژیانی ھەر لە ماڵی باوکیدا ژیاوە. ھۆنراوەکانی جگە لە باری وێژەیی، نوێخوازانە و لە پێش سەردەمی خۆیەوە بوون، بۆیە بە یەکێ لە پێشەنگانی نوێخوازانی ھۆنراوەی ئەمریکی دادەنرێت. ھەروەھا ھۆنراوەکانی کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر نووسەرانی دوای خۆی داناوە، بۆیە ئێمیلی دیکینسۆن بە یەکێ لە گرنگترین ھەڵبەستوانانی ئەمریکا و زمانی ئینگلیزی دادەنرێت.[2][3] جگە لە ھۆنراوەکانی، شێوازی ژیانی، تەنیا مانەوەی و دووری لە خەڵک لە کۆتایی ژیانیدا ناوبانگێکی زۆریان بۆ دروست کردووە. لە ماوەی ژیانیدا، جگە لە چەن تاکە ھۆنراوەیەک، ھیچ کارە ھۆنراوەیییەکی بڵاو نەکردەوە و ھۆنراوەکانی لە دوای مەرگی لە چاپ دران.
ئێمیلی دیکینسۆن | |
---|---|
لەدایکبوون | ئێمیلی ئێلیزابێت دیکینسۆن (١٨٣٠-١٢-١٠) ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٨٣٠ ئەمھێرست، ماساچووسیتس، ئەمریکا |
مردن | ١٥ی ئایاری ١٨٨٦(١٨٨٦-٠٥-١٥) (٥٥ ساڵ ژیاوە) ئەمھێرست، ماساچووسیتس، ئەمریکا |
پیشە | شاعیر |
دەرچووی زانکۆی | مۆنت ھاڵیۆک |
هەرچەندە ئێمیلی نووسەرێکی بەرهەمدار بوو، لەو کاتەی لە ژیاندابوو تەنیا ١٠ لە نزیکەی ١٨٠٠ شیعر و یەک نامەی بڵاوکرانەوە.[4] شیعرەکانی زۆر جار دەستکاری دەکران تاوەکوو لەگەڵ تایبەتمەندی شیعری ئەو سەردەمە گوونجابان. بەرهەمەکانی ئێمیلی بۆ ئەو سەردەمە جیاواز بوون؛ ڕستەی کورتیان تێدا بەکاردەهات و سەردێڕیان نەبوو. بە گشتی سەروای جیاواز لە شیعرەکانی بەرچاوە. شیعرەکانی پیتی گەورە و خاڵبەندی تێدا بەدیناکرێت.[5] زۆرینەی بەرهەمەکانی دەربارەی مردن و نەمرییە، ئەم دوو بوارە لەو نامانەی بۆ هاوڕێکانی نووسیویەتی ڕوونتر دەردەکەون. چەند چەشنێکی دیکە لەگەڵ نووسینەکانی ئێمیلی تێکەڵبوون، لەوانە؛ جوانیناسی، کۆمەڵگە، سروشت، و ڕۆحانیەت.[6]
لە ١٨٨٦، دوای مردنی ئێمیلی، لاڤینیای خوشکی بچووکی ئێمیلی کۆمەڵەیەک لە شیعرەکانی ئێمیلیی دۆزییەوە، و شیعرەکان بڵاوکرانەوە لە ناو خەڵکی. بەشێک لە شیعرەکانی لە ١٨٩٠ لەلایەن تۆماس وێنتوەرت هیگینسن و مەیبڵ لوومیس تۆد دەستکاری کران و چاپکران. لە ١٩٥٥، تەواوی شیعرەکانی ئێمیلی لەلایەن تۆماس ئێچ. جۆنسن بڵاوکرانەوە لە ژێر ناوی شیعرەکانی ئێمیلی دیکینسۆن.[7] لە ١٩٩٨، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕاپۆرتێکیان لەسەر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ژێرسوور لەسەر شیعرەکانی ئێمیلی نووسی، زانایان بۆیان دەرکەوت کە زۆربەی دەقەکان ناوی "سوزەن"یان تێدا سڕابووەوە.[8] بە لایەنی کەم یانزدە لە شیعرەکانی ئێمیلی بۆ سوزەن هەنتینگتۆن گیلبێرت دیکینسۆن نووسرابوون. سوزەن براژنی ئێمیلی بوو. دەنگۆیەک هەیە کە تۆد لە کاتی دەستکاریکردنی شیعرەکان ناوەکانی سڕیوەتەوە.[8] ئەو سانسۆرکردنە لەوانەیە بەهۆی شاردنەوەی پەیوەندی نێوانیان بووبێت، و بەشێکی زانایان بڕوایان وایە کە پەیوەندییەکەیان خۆشەویستی بووە.[9][10][11]