ڕشانەوە
From Wikipedia, the free encyclopedia
ڕشانەوە یان ھەڵھێنانەوە (بە ئینگلیزی: vomiting) بریتییە لە ھاتنە دەرەوەی ناوەڕۆکی نێو گەدەی گیانداران، لە دەم و لووتەوە. ئەم ناوەڕۆکە دەکرێت خۆراک یان ھەر جۆرە ماکێکی تری نێو کۆئەندامی ھەرس، وەک زەرداو بێت. گەلێک ھۆکار لە ڕشانەوەدا ڕۆڵیان ھەیە؛ لەوانەیە بە ھۆی خۆراکی گەندەڵ، کاردانەوەی مێشک لە ھەمبەر توومۆر، دووگیانی، گوشاری دەروونی و... ھتد بێ. بە دۆخی پێش ڕشانەوە دڵ ھەڵشێوان یا دڵ پێکاھاتن دەڵێن. ئەگەر ڕشانەوە بەردەوام بێت، بۆ ئاوچن نەبوونی لەش، دەبێت دەسبەجێ دەرمان بەکار بھێندرێت.
ڕشانەوە لەگەڵ ھێق کردندا جیاوازە، لە ھێقدا خۆراکی ھەرساو لە ڕێگەی زەنگلۆکەوە دەگەڕێتەوە ناو دەم، بەڵام بە ئارامی و بێ پژاندن. بەڵام لە ڕشانەوەدا بە گوشار و پژانەوەیە. دڵ ھەڵشێوان و ڕشانەوە کاردانەوەیەکی پارێزەرانەیە لە ھەمبەر چەندین ھۆکار. ئەم ھۆکارانە لەخۆ گری شەبەنگێکی بەرینی تێکچوونە، لە دۆخی خۆش خیمەوە ھەتا دۆخی فریاکەوتن.
جاری وایە دڵ ھەڵشێوان و ڕشانەوە جیا لە یەک ڕوو دەدات، بەڵام بەزۆری دڵ ھەڵشێوان دەبێتە ھۆی ڕوودانی ڕشانەوە. دڵ ھەڵشێوان لەگەڵ ژاکان و بزڕکان، ئارەق کردن و ھەست بە برسییەتی ھاوڕێیە.