زانیاری
From Wikipedia, the free encyclopedia
زانیاری وەکوو چەمکێک خاوەنی گەلەک واتایە، لە بەکارھێنانی ڕۆژانەوە ھەتا ئامادەکارییە تەکنیکییەکان. چەمکی زانیاری زۆر لە نزیکەوە گرێدراوی تێگەیشتەگەلێکە وەکوو constraint، ڕاگەیێنی، کۆنترۆڵ، دراوە، فۆرم، ڕێکارنامە، زانین، ڕامان، ھاندەری ئاوەزی، شێوەئاسا، پێزانین، و نواندنی زانین. لە بەرتەسکترین واتای تەکنیکیی خۆیدا، زانیاری پاشیەکییەکی ڕیزدارە لە ھێماکان.
وشە ئینگلیزییەکە، information، بەئاشکرا لە وشەی لاتینیی "informare"ەوە گیراوە کە واتە: "شێوەبەخشین بە ھزر"، "ڕێکوپێککردن"، "فێرکردن".
ئەگەرچی زۆرجاران زانیاری و دراوە (Data، داتا) لە جیاتیی یەکتر بەکاردەھێنرێن بەڵام لە ڕاستیدا زۆر جیاوازییان ھەیە. دراوە کۆمەڵێک زانیاریی بێپێوەندییە و ھەتا بەدروستی ھەڵنەسەنگێندرێت بێکەڵکە. پاش ھەڵسەنگاندن، پێوەندییە جێی سەرنجەکانی نێوان دراوەکان ئاشکرا دەبن و دراوەکان دەگۆڕدرێن و دەبن بە زانیاری. لەوانەیە دوو دراوەی ھاوشێوە بۆ دوو ئامانجی جیاواز بەکاربھێنرێن و ببن بە دوو زانیاریی جیاواز. کەوایە دراوە ھەتا نەگۆڕدراوە بۆ زانیاری بێکەڵکە و ناکرێت ناوی زانیاریی لێ بنرێت. لە زانستی کۆمپیوتەردا، زانیاری شتێکە بەم شێوەیە: ناوی تایبەتمەندییەکی شتێک = دراوە. بۆ نموونە: ژمارەی ئەندامانی ماڵپەڕ = ١٢٠. لەم وتەیەدا، "١٢٠" دراوەیە بەڵام ھەمووی وتەکە، "ژمارەی ئەندامانی ماڵپەڕ = ١٢٠"، زانیارییەکە و پەیامێکی پێیە. زانیاری دەبێ لە سێ چەمکی گژە زانیاری، دژە زانیاری و زڕە زانیاری جیا بکرێتەوە.