گراف (ماتماتیک)
From Wikipedia, the free encyclopedia
وشەی گراف لە زانستی بیرکاریدا لانیکەم دوو واتا لەخۆ دەگرێت. لە ماتماتیکی سەرەتاییدا گراف بە ھەمان وێنەی ڕوونکردنەوەی فانکشن پێناسە دەکرێت. بیرکاریزانان پێناسەیەکی تر بۆ گراف دەکەن کە بریتییە لە کۆمەڵێک خاڵ و ھێڵ کە پێکەوە لکاون. بە دەستەواژەیەکی تر گراف مۆدێلەکی بیرکارییانەیە بۆ کۆمەڵێکی پچڕ پچڕ [1] کە ئەندامەکانی بەشێوەیەک بەیەک بەستراونەتەوە. ئەندامەکانی کۆمەڵێک لەم شێوە دەشێت مرۆڤ بن و پەیوەندیی نێوانیان بە تەوقەکردن پێناسە بکرێت. یان دەشێت ئەو ئەندامانە بەشە جیاوازەکانی گۆی زەوی بن و پردەکان پەیوەندی نێوانیان دەربخەن. تیۆریی گراف لە بابەتە سەرەکی و ھەرە گرینگەکانی بیرکاریی پچڕ پچڕ یان دابڕاوە. ئەم لقە لە گرافەکان دەکۆڵیتەوە. لیۆنارد ئۆیلەر لە ساڵی ١٧٣٦ لە وتارێکدا بە شیکردنەوەی کێشەی پردەکانی کۆنیگسبێرگ بەردیی بناغەی بیردۆزیی گرافی دانا، بەڵام ئەو کەسەی یەکەم جار وشەی گرافی بۆ ئەم مۆدێلە بیرکارییە بەکارھێنا جیمز جۆزێف سیلوێستێر بوو.