کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لەلایەن داعش
From Wikipedia, the free encyclopedia
لە ناوەڕاستی ساڵانی ٢٠١٤ لە ناوچەی شەنگال لە باکووری عێراق کۆمەڵکوژییەکی ئێزیدییەکان لەلایەن داعشەوە ئەنجامدرا.[1] [2] [3] کۆمەڵکوژییەکە بووە ھۆی دەرکردن و ھەڵاتن و دەربەدەری کاریگەرانەی ئێزیدییەکان. ھەزاران ژن و کچی ئێزیدی لەلایەن داعشەوە بە زۆر کران بە کۆیلەی سێکسی و ھەزاران پیاوی ئێزیدیش کوژران.[4] [5] [6] جینۆساید دوای کشانەوەی ھێزەکانی عێراق و پێشمەرگە دەستی پێکرد، کە ئێزیدییەکانی بێ بەرگری کرد.[7][8]
کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لەلایەن داعش | |
---|---|
وڵات | عێراق، سووریا |
جێ | شنگال |
کاتی ڕوودان | ٣١ی تەممووزی ٢٠١٤ |
تاوانبار | دەوڵەتی ئیسلامی |
قوربانی | Yazidis in Syria، ئێزیدی |
کوشتیاریی داعش بۆ سەر ئێزیدییەکان سەرنجی کۆمەڵگای نێونەتەوەییی بەدەستھێنا و بووە ھۆی دەستوەردانەکانی ئەمریکا لە عێراق، کە ئەمەش بە ھێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر داعش دەستیپێکرد. سەرەڕای ئەوەش، ئەمریکا و بەریتانیا و ئوسترالیا فڕۆکەیەکی فریاگوزارییان بۆ ئێزیدییەکان نارد کە بەرەو زنجیرە شاخێک ھەڵھاتبوون. شەڕڤانانی یەپەگە و پەکەکە ڕێڕەوێکی مرۆیییان بۆ چیای شنگال کردەوە و ھاوکاری ئێزیدییەکانیان کرد.[9] تا ساڵی ٢٠١٥ کردەوەکانی داعش دژی ئێزیدیەکان نزیکەی ٥٠٠ ھەزار پەنابەری لێکەوتەوە.[10] [11]
کۆمەڵکوژی لەلایەن چەندین ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان[12] [13] و ڕێکخراوە نیشتمانی و فرەنەتەوەییەکانەوە ناسێنراوە.