کاترینا کێف
خانمەکتەرێکی ھیندی / From Wikipedia, the free encyclopedia
کاترینا کێف (شێوازی دەربڕین [kəˈʈriːna kɛːf]; لەدایکبووی ١٦ی تەمموزی ١٩٨٣) خانمە ئەکتەرێکی ئینگلیزە کە زیاتر لە فیلمە هیندییەکان دەرکەوتووە.[1] ئەو یەکێکە لە گرانترین خانمەئەکتەرانی بۆلیوود کە زۆرترین پارەی پێدەدرێت لەبەرامبەر بەشداریکردن لە فیلمەکان.[2][3]
کاترینا لە هۆنگ کۆنگ لەدایکبووە و خێزانەکەی لە چەند وڵاتێک ژیاون بەرلەوەی بچنە بەریتانیا و لە شاری لەندەن جێگیر بن. ئەو هەر لە تەمەنی نەوجەوانییەوە هاتە ناو بواری نمایشکردنی جلووبەرگەوە. لە نمایشکردنێکی جلووبەرگدا لە لەندەن، کایزاد گوستاد کە فیلمسازێکی بۆلیوود بڕیاریدا کە کاترینا بکاتە ئەکتەرێکی سەرەکی لە فیلمی بووم (٢٠٠٣)، دواتر فیلمەکە شکستی هێنا لە بۆکس ئۆفیس و ڕازیکردنی بۆچوونی ڕەخنەگران. لەوکاتەی کە چووە هیندستان، کاترینا وەک نمایشکاری جلووبەرگ کارەکەی پەرەی سەند و سەرکەوتنی بەدەستھێنا. لەبەرامبەردا فیلمسازەکان دوودڵ بوون کە بەشداریی پێبکەن لە فیلمەکانیان ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە ناوبراو لە قسەکردن بە زمانی هیندی خراپ بوو. دواتر لە ساڵی ٢٠٠٤، لە فیلمێکی سینەمای تێلوگو بەناوی مالیشواری بەشداریکرد، دوای ئەم فیلمەش جارێکی دیکە لە بۆلیوود دەرکەوتەوە بە فیلمی مەینی پیار کیون کیا (٢٠٠٥) و نەمەستێ لەندەن (٢٠٠٧) کە هەردوو فیلم سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا لە بۆکس ئۆفیس. دوابەدوای ئەوە ناوبراو بەردەوام بوو لە سەرکەوتنەکانی، هەرچەندە ڕەخنە لە نواندن و دووبارەبوونەوەی ڕۆڵەکانی دەگیران. ئەمەش جگەوەی ڕەخنەش هەبوو کە ناوبراو زیاتر لەو فیلمانە دەردەکەوت کە ڕۆڵی ئەکتەری نێر زاڵن بەسەر فیلمەکان.
کاترینا لە ساڵی ٢٠٠٩، بەشداریکرد لە فیلمی نیویۆرک، ناوەڕۆک و باسەکەی لەسەر تیرۆریزم بوو، فیلمەکە توانی سەرکەوتنی باش بەدەست بهێنێت هەروەها توانی بۆچوونی ڕەخنەگران بباتەوە، هاوکات کاترینا بەهۆی فیلمەکەوە بووە پاڵێوراوی باشترین خانمەئەکتەری ساڵ لە خەڵاتەکانی فیلم فەیر. دواتریش بەبەشداریکردن لە فیلمەکانی ئەجەب پرێم کی غەزەب کەهانی (٢٠٠٩)، ڕاجنیتی (٢٠١٠) وە زیندەگی نا میلەگی دۆبارە (٢٠١١)، ئەوا بۆ دووەمینجار بووە پاڵێوراوی باشترین خانمەئەکتەری فیلم فەیر ئەمەش بەهۆی بەشداریکردنی بوو وەک ئەکتەری سەرەکی لە فیلمی مێری برازەر کی دولهەن (٢٠١١). کاترینا لە چەندین فیلمی داهات بەرز بەشداریکردووە، کە بەشێکیان لە پڕداهاتترین فیلمەکانی بۆلیوودن ئەوانیش ئێک تا تایگەر (٢٠١٢)، دووم ٣ (٢٠١٣)، بانگ بانگ! (٢٠١٤)، دوای ئەم فیلمانەش کۆمەڵێ فیلمی کرد کە شکستیان هێنا بەڵام دواتر پێرستی فیلمە پڕداهاتەکانی زیاتر کرد بەبەشداریکردن لە فیلمەکانی تایگەر زیندووە (٢٠١٧) و بهارەت (٢٠١٩)، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٨ بەهۆی بەشداریکردنی لە فیلمی زیڕۆ ئەوا بووە پاڵێوراوی خەڵاتی فیلم فەیر بۆ باشترین خانمەئەکتەری پاڵپشت.
دوور لەکارەکانیشی، ئەوا لەگەڵ دایکی بەشدارە لە کارە خێرخوازییەکان و لەچەندین بەرنامەی تەلەفزیۆنیش بەشداریی کردووە. کاترینا یەکێکە لەو کەسانەی کە گرنگییەکی زۆری میدیایی پێدەدرێت لە ناوخۆی هیند و سینەمای بۆلیوود بە تایبەت. لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢١، کاترینا هاوسەرگیری لەگەڵ ئەکتەری بۆلیوود ڤیکی کۆشەل کرد.