مێژووی پەرەسەندنی ڕوەکەکان
From Wikipedia, the free encyclopedia
پەرەسەندنی ڕووەکەکان بۆتە دەرئەنجامی دەرکەوتنی بوارێکی فراوان لە ئاڵۆزی لە زۆربەی جۆری ڕووەکەکان دا (لە سەرەتاترین جۆری قەوزە و ڕووەکە فرەخانەکانەوە بۆ ڕووەکە وشکانییەکان و ئالۆزەکان) ھەرچەندە زۆربەی جۆرە ڕووەکە سەرەتاییەکان ھێشتا بەردەوامن لە ژیان بەڵام کۆمەڵەی ڕووەکە تازە گۆراوەکان جێی ئەو ڕووەکانەیان گرتۆتەوە کە پێشتر لەڕووی ژینگەییەوە زاڵ بوون وەک زیادبوون و زاڵبوونی ڕووەکە گوڵدارەکان بەسەر ڕووەکە تۆودارەکان دا لە ژینگە وشکانییەکان دا.[1]
بەڵگەی بەھێز و ئامادە لەبەردەستدایە کە (ساینۆبەکتریا – بەکتریای تایبەت بە ڕۆشنە پێکھاتن - Cyanobacteria) و زیندەوەرە فرەخانە رۆشنەپێکھاتووەکان لە ناوچە و ژینگە ئاوییە سازگارەکانی سەر زەوی دا ژیاون نزیکەی ١ ملیارد ساڵ لەمەوبەر،[2] وە ھەروەھا کۆمەڵە زیندەوەرەی فرەخانەی ئاڵۆزی ڕۆشنەپێکاھتوو بوونیان ھەبووە لەسەر وشکانی دا لە چاخی (Precambrian)ی کۆتادا نزیکەی ٨٥٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر.[3]
بەڵگەی سەرھەڵدانی ڕووەکە وشکانییەکانی (ئیمبیرۆفایت - Embryophyte) بۆ یەکەمین جار لە چاخی (ناوەڕاستی ئۆردۆڤیکی - Mid-Ordovician)(نزیکەی ٤٧٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر)دا دەردەکەوێت و لە ناوەڕاستی چاخی (دیڤۆنی)(نزیکەی ٣٩٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر) خاوەنی زۆربەی خەسڵەتە ناسراوەکانی ڕووەکە وشکانییەکانی ئەم سەردەمە بوون وەک (ڕەگ و گەڵا).
لە کۆتایی چاخی (دیڤۆنی) دا (نزیکەی ٣٧٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر) چەند ڕووەکێکی بێ سپۆر (ئارکیاپترس - Archaeopteris) خاوەنی شانەی بۆریی خۆراکیی لاوەکیی بوون کە ھەڵدەستان بە بەرھەمھێنانی قەدی ڕەق و دارستانی داری درێژ. لە کۆتایی چاخی (دیڤۆنی) دا تۆوەکان پەرەیانسەندبوو لە ڕووەکی قڕبووی تۆدار بە ناوی (ئێلکنسیا - Elkinsia).
بەدرێژای چاخی جیۆلۆجی (فانرۆزۆویک - Phanerozoic) تازەگەری پەرەسەندن لە ڕوودان دا بوو کە ھەتا ئێستاش بەردەوامە. ھەرچەندە بنیادی کۆمەڵەکان گۆرانکاریان بەسەردا ھات بەھۆی (ڕووداوی قڕبوونی پێرمی تریاسی) بەڵام زۆربەی کۆمەڵەی ڕووەکەکان بەشێوەیەکی ڕێژەی بە سەلامەتی مانەوە. دەکرێت ئەم ڕووداوە ڕێخۆشکەربووبێت بۆ دەرکەوتنی ڕووەکە گوڵدارەکان لە چاخی (تریاسی - Triassic)(نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر) و دواتر ھەمەجۆربوونیان لە چاخەکانی (تەباشیری - Cretaceous) و (پالیۆجینی - Paleogene)دا. کۆتا کۆمەڵەی گەورە لە ڕووەکەکان دا کە پەرەسەندنی بەسەردابێت گیاکان بوون کە لە چاخی ناوەڕاستی (پالیۆجینی - Paleogene)(نزیکەی ٤٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر) گرنگییەکی زۆریان پەیداکرد. ١٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر گیاکان و چەندەھا جۆرە ڕووەکی دیکە ڕێکاری خۆراک ھەرسکردنی نوێیان پەرەپێسەند بۆ مانەوە و بەردەوام بوون لە ژینگەی کەمەرەیی گەرم و وشک دا کە خاوەنی ڕێژەیەکی نزمی گازی دوانەئۆکسایدی کاربۆن (CO2).