لۆژیک
From Wikipedia, the free encyclopedia
لۆژیک (لە یۆنانییەوە: λογική؛ دەخوێنرێتەوە "لۆگیکی")[1] بیرسا یان ژیربێژی ھونەر و زانستی بەکارھێنانی ئاوەزە.[2] لۆژیک لە زۆربەی چالاکییە ژیرانەکاندا بەکار دەبردرێت، بەڵام لە پلەی یەکەمدا لە بوارەکانی فەلسەفە و ماتماتیک و زانستی کۆمپیوتەردا توێژینەوەی لەسەر دەکرێت. لۆژیک شێوازەکانی بەڵگەھێنانەوە تاوتوێ دەکات و، وەڵامی ئەوە دەداتەوە کە کام شێوازگەل دەگونجێن و کام شێوازگەل ھەڵەوێژین. دەکرێت بڵێین لۆژیک چەشنێک بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەیە.
لۆژیک سەرەتاکانی لە چەندین ژیاری کەونارا وەکوو ھیندستان، چین، و یۆناندا دەبینێتەوە. بەڵام وەکوو گۆڕەپانێکی زانستی یەکەمجار ئەرەستوو لە فەلسەفەدا دایمەزراند.[3]
زیاتر لۆژیک دەکرێتە دوو بەشەوە، ئیستیقرا و قیاس. یەکەمیان لە نموونەگەلی تاکەوە دەگات بە ئاکامێکی تێکڕایی (لە تاکەوە بەرەو تێکڕایی دەچێت)، دووەمیان لە پێناسەکان و بەڵگەنەویستەکانەوە ئاکامەکان دەردەکێشێت (لە تێکڕایییەوە بەرەو تاک دەچێت).