شازادە دایانا
شازادە خاتوونی شانشینی یەکگرتوو / From Wikipedia, the free encyclopedia
دایانای شازادەی وێڵز (بە ئینگلیزی: Diana, Princess of Wales؛ ١ی تەممووزی ١٩٦١ – ٣١ی ئابی ١٩٩٧) یەکێک لە خۆشەویستترین ئەندامانی خێزانی شاھانەی بەریتانیا بوو. دایانا ھاوسەری شازادە چارڵز، کوڕی گەورە و جێنشینی شاژنە ئیلیزابێس بوو، دایکی شازادە ولیام و شازادە ھارییە و یەکێک لە ناسراوترین کەسایەتییە ناسراوەکانی جیھان بوو لە سەردەمی خۆیدا. چالاکییە مرۆڤ دۆستییەکانی دایانا وایان کرد دایانا ببێت بە ئایکۆنێکی جیھانی و ناوبانگێکی گەورەیان پێ بەخشی.[1] بە لەدایکبوونی لەناو خێزانێکی چینی باڵا، دایانا نزیک لە خێزانی شاھانەیی گەورە بوو بەڵام ژیانێکی سادەی ھەبوو و دوای ئەوەی نیشتەجێی لەندەن بوو بۆ ماوەیەک وەک یاریدەدەری مامۆستا لە دایەنگەیەکی منداڵان کاری کرد. دایانا بچووکترین کچی جۆن سپێنسەر و فرانسیس شاند کید بوو و جیابوونەوەی دایک و باوکی کاریگەری گەورەی لەسەری ھەبوو. ئەگەرچی لە ڕووی خوێندنەوە زۆر باش نەبوو بەڵام بەھرەی ھەبوو لە موزیک و سەما و وەرزش.
دایانا | |
---|---|
شازادە دایانای وێڵز | |
ھاوسەر | چارڵس، شازادەی وێڵز (١٩٨١–١٩٩٦) |
منداڵ(ەکان) | شازادە ولیام شازادە ھاری |
باوک | جۆن سپێنسەر |
دایک | فرانسیس ڕەوش |
لەدایکبوون | دایانا فرانسیس سپێنسەر (١٩٦١-0٧-0١) ١ی تەممووزی ١٩٦١ ساندرینگھام، نۆرفۆک، لەندەن |
مردن | ٣١ی ئابی ١٩٩٧(١٩٩٧-٠٨-٣١) (٣٦ ساڵ ژیاوە) پاریس، فەرەنسا |
ناشتن | ٦ی ئەیلوولی ١٩٩٧ ئالسۆرپ، نۆرسھامپتنشێر، ئینگلتەرا |
واژوو |
ناوبانگی دایانا لە ساڵی ١٩٨٠ەوە دەستی پێکرد دوای ئەوەی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ شازادە چارڵسی جێنشینی تەختی شاھانەیی بریتانیا دەستپێکرد و دواتر بوو بە دەستگیرانی. ساڵی دواتر و لە ١٩٨١ ھاوسەرگیریان ئەنجام دا و دایانا لەلایەن خەڵکی بەریتانیاوە بە گەرمی پەسەند کرا وەک شازادەی وێڵز کە نازناوێکە دەدرێت بە ھاوسەری شازادەی جێنشین.[2] لە کۆتاییدا بەھۆی نەگونجان پێکەوە و پەیوەندی سۆزداری دەرەوەی ھاوسەرگیرییەکەیان، لە ساڵی ١٩٩٢ ەوە بە جیایی دەژیان و ساڵی ١٩٩٦ بە فەرمی لێک جیابوونەوە.
لەو ماوەی شازادە خاتوون بوو دایانا کارەکانی شاژنە ئیلیزابێسی ڕادەپەڕاند و نوێنەرایەتی شاژنی دەکرد لە تەواوی ئەو ناوچانەی شاژن ئیلیزابێس شاژنیان بوو. دایانا وەک کەسایەتییەکی یارمەتیدەر و مرۆڤدۆست دەبینرا. سەرەتا دایانا یارمەتی منداڵان و گەنجانی دەدا بەڵام دواتر ناسرا بۆ ئەو یارمەتییەی بەخشی بە نەخۆشانی ئایدز و سڕینەوەی مین لە ناوچەکانی ئەفریقا.
دایانا ھەروەھا ھۆشیاری زیاد کرد بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قووربانیانی ئایدز و نەخۆشانی دەروونی. دایانا، کە زیاتر لە ھەرکەسێکی دیکە لە مێژوودا وێنەی گیردراوە،[3] بە کەسێک دادەنرێت کە لە وێنەکانی سەرنحڕاکێشە و بە کەسایەتییەکی ناسراوی مۆدە دادەنرا لە ساڵانی ١٩٨٠کان و ١٩٩٠کاندا. سەرنجی میدیا و شیوەنی خەڵکی بەریتانیا باوەڕپێنەکراو بوو، لە دوای مردنی دایانا لە پێکدادانێکی ئۆتۆمبیل لە ساڵی ١٩٩٧. ئەوەی دایانا لە ماوەیەکی کەمدا کردی کاریگەریی گەورەی لەسەر خێزانی شاھانەیی و تەواوی خەڵکی بەریتانیا ھەبوو بۆ ھەمیشە.[4]
لە ساڵی ٢٠٠٢ دا کەناڵی بی بی سی پڕۆگرامێکی پێشکەش کرد بەناوی 100 Greatest Britons کە پشتی بەستبوو بە ڕاپرسییەکیان کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ڕاپرسییەکەدا بەشدار بووبوون، ١٠٠ مەزنترین کەسایەتی مێژووی بەریتانیایان ھەڵبژارد. لە ڕاپرسییەکەدا دایانا لە پلەی سێیەم ھات و لەپێش کەسانی دیاری وەک چارڵز داروین و ویلیام شێکسپیر و ئایزک نیوتنەوە ھات کە لە پلەکانی چوارھەم و پێنجھەم و شەشەم بوون و تەنھا لەدوای وینستۆن چێرچیل و ئیسامبارد برونێڵی ئەندازیاری مەزنی بەریتانی بوو. شاژن ئیلیزابێس ناوی لە لیستی ٢٤ھەم ھات لە لیستەکەدا. ھەر لە ساڵی ٢٠٠٢ ڕاپرسییەک، گیان لەدەستدانی دایانای بە گرنگترین ڕووداوی مێژووی ١٠٠ ساڵی ڕابردووی بەریتانیا دانا.[5][6][7]