سینووزیت
هەوکردنی لینجەپەردەیە کە ناوپۆشی کەلێنەکان ئەکات، ئەبێتە هۆی هەندێک نیشانە / From Wikipedia, the free encyclopedia
سینووزیت یا ساینوسایتس بریتییە لە ھەڵمسان و ھەو کردنی ناوپۆشی ھەر کام لە سینووسەکانی دۆراندۆری لووت.
سینووسەکان ھڵۆڵییەکانی نێو ئێسکی سەرو کەپۆڵن. کە بە ھۆی پڕ بوون و گیرانەوە تووشی ھەو کردن و ئاییسان دەبن. ھەڵامەت، ھەستۆکی یان لاری سپینی لووت لە گرنگترین ھۆکارەکانی سینووزیتە. ئێش، یاوی کەم، لینجاوی پشت قوڕگ بە تایبەت لە بەیاناندا لە نیشانەکانی ئەم نەخۆشیەیە. سەرئێشەی بەیانان، پاش ھەستان لە خەو، ڕاستەوخۆ ئاماژە بە تێکچوونی سینووسەکان دەکا. ھەروەھا ئێشی توێڵ لە کاتی دەست لێداندا، ئێشی شەویلکە و ددانەکانی لای سەروو، ئێش لە ناوچەی گۆناکان، ھەڵمسان و ئێشی شانەکانی دەور لووت و چاو، تێکچوونی بۆن بیستن و کپ بوونی لووت لە نیشانەکانی تری ئەم نەخۆشیەیە.
ھەروەھا ئازارێ کە بە ھۆی جگەرە کێشانەوە تووشی مژۆڵە وردەکانی ناو لووت و قوڕگ دەبێت و ژیان لە ژینگەیەکی ھەوایی پیسدا، دەبێتە ھۆی وشک بوونەوەی ناوپۆشی لووت و سینووسەکان و سەرھەڵدانی چڵک کردنی سینووسەکان. مەلە بەتایبەتی خۆ لووردانە نێو ئاو لە مەلەوانگە پیسەکاندا کە ئاو بە تەوژمەوە دەچێتە نێو ھڵۆڵایی سینووسەکانەوە، دەتوانێ ببێتە ھۆی چڵک کردنی سینووسەکان.
سینووزیتی ھەوایی دوابەدوای گۆڕانی پاڵەپەستۆی ھەوا لە فڕینی زۆر بەرزدا (سەفەر بە فڕۆکە)، بە ھۆی کپ بوونی کونی سینووسەکان لە کاتی پەستانی پێچەوانە و لینج ڕژانی سینووسەکان، بەدی دێت. زۆر جار لەوانەیە سینووزیتی ئالیرجی و سینووزیتی چڵکی بە ھەڵە پێکەوە تێکەڵ بکرێت، بەم بۆنەوە پزیشکان بە سینووزیتی ئالیرجی، ڕینیت ئالیرجیک دەڵێن و بۆ ئەم مەبەستە ناوی سینووزیت بەکار ناھێنن. ھەروەھا بڕێجار میگرەین و سەرئێشەی سینووزیتیش پێکەوە تێکەڵ دەکرێن.