سیسرۆ
From Wikipedia, the free encyclopedia
مارکوس توولیووس سیسرۆ (٣ی کانوونی دووەمی ١٠٦ی پ.ز._ ٧ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٤٣ی پ.ز.) سیاسەتمەدار، پارێزەر، زانا، فەیلەسووف و، گومانگەرایەکی ئەکادیمی بوو[1] کە هەوڵی دەدا لە کاتی قەیرانە سیاسییەکان کە بوونە هۆکاری دامەزراندنی ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆم، پڕەنسیپی ئۆپتیماتەکان بەرز ڕابگرێت. [2] نووسینە فراوانەکانی لە نامیلکەگەلێک لەسەر ڕەوانبێژی، فەلسەفە و، سیاسەت پێک هاتوون. سیسرۆ بە یەکێک لە مەزنترین وتاربێژان و پەخشاننووسانی ڕۆم دادەنرێت.[3] [4] ئەو لە ساڵی ٦٣ی پێش زاییندا، لە خێزانێکی دەوڵەمەندی چینی سوارچاکان چاوی بە دنیا ھەڵھێنا و لە ساڵی ٦٣ی پێش زایین وەک کۆنسووڵ خزمەتی دەکرد.
کاریگەریی ئەو لەسەر زمانی لاتینی زۆر گەورە بوو. زیاتر لە سێ چارەک لەو ئەدەبیاتە لاتینییەی کە لە سەردەمی ژیانی ئەودا نووسراون و ئێمە ئاگاداری بین، لەلایەن ئەوەوە نووسراون. دەگوترێت کە پەخشانی دوای سیسرۆ، نەک تەنها بە لاتینی بەڵکوو بە زمانە ئەورووپییەکان تریش تاکوو سەدەی نۆزدەیەم، یان کاردانەوەیەک بووە لە دژی ئەو، یان گەڕانەوە بووە بۆ ستایلەکەی. [5] [6][7]سیسرۆ ئارگیومێنتەکانی قوتابخانەی گەورەی فەلسەفەی هێلێنیستیی بە لاتینی ناساند و وشەکارییەکی فەلسەفیی لاتینیی دروست کرد، بەم جۆرەش پێگەی خۆی وەک وەرگێڕ و فەیلەسووف قایم کرد.
هەرچەندە سیسرۆ وتاربێژێکی شارەزا و پارێزەرێکی سەرکەوتوو بوو، بەڵام باوەڕی وا بوو کە پیشە سیاسییەکەی گرنگترین دەستکەوتیەتی. لە کاتی کونسوڵگەریی ئەودا بوو کە دووەمین پیلانگێڕیی کاتلیناری هەوڵی دا لەڕێگەی هێرشکردنە سەر شارەکە لەلایەن هێزە دەرەکییەکانەوە حکوومەت بڕووخێنێت و، سیسرۆ بە لەسێدارەدانی خێرا و مشتومڕهەڵگری ٥ پیلانگێڕەکە، یاخیبوونەکەی سەرکوت کرد. لە ناوەڕاستی سەدەی یەکەمی پ.ز. کە سەردەمێکی پڕ لە پشێوی بوو و شەڕی ناوخۆ و دیکتاتۆریەتی جولیوس سێزار (قەیسەر) لە ڕووداوە گرنگەکانی بوون، سیسرۆ پاڵپشتیی لە گەڕانەوە بۆ حکوومەتی نەریتیی کۆماریی کرد. دوای مردنی قەیسەر و ململانێکانی گرتنەدەستی دەسەڵات، سیسرۆ بوو بە دوژمنی مارک ئەنتۆنی و لە زنجیرە وتارێکدا هێرشی کردە سەری. سیسرۆ وەک دوژمنێکی دەوڵەت لەلایەن سێ کوچکەی دووەمەوە دەرکرا و، لە ئەنجامدا لەلایەن سەربازانێکەوە کە سەر بە سێ کوچکەکە بوون لە ساڵی ٤٣ی پ.ز لە کاتێکدا کە هەوڵی کۆچی لە نیمچەدوورگەی ئیتاڵیا دەدا، دەستبەسەر کرا و لەسێدارە درا. پاشان، دەست و سەرە بڕاوەکەی وەک کۆتا تۆڵەی مارک ئەنتۆنی لە ڕۆسترا نمایش کران. دووبارەدۆزینەوەی نامەکانی سیسرۆ لەلایەن پترارکەوە زۆر جار بە هۆکاری دەستپێکردنی ڕێنێسانسی سەدەی ١٤ لە بوارەکانی کاروباری گشتی، هیومانیزم و، کولتووری کلاسیکی ڕۆمانی دادەنرێت.[8] لووتکەی دەسەڵات و پریستیژی سیسرۆ لە ماوەی ڕۆشنگەریی سەدەی ١٨دا بوو، و کاریگەرییشی لەسەر گەورەبیرمەندان و بیردۆزدانەرە سیاسییەکانی سەردەمی ڕۆشنگەری وەک جۆن لۆک، دەیڤد هیووم، مۆنتسکیۆ و، ئێدمۆند بورک بنچینەیی بوو.[9] کارەکانی ئەو لە کەلتووری ئەورووپادا لە ڕیزی کاریگەرترینەکان و ئەمڕۆیش بۆ نووسین و پێداچوونەوەی مێژووی ڕۆمانی، بەتایبەتی ڕۆژانی کۆتاییی کۆماری ڕۆمانی، هێشتا یەکێک لە گرنگترین کەرەستە بنەڕەتییەکانن.[10]