خۆپیشاندانەکانی ٢٠٢٢ی ئێران
From Wikipedia, the free encyclopedia
خۆپیشاندانەکانی ٢٠٢٢ی ئێران کە ھەروەھا بە شۆڕشی ژینا[15] یان شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی[16] ناسراوە، زنجیرەیەک لە خۆپیشاندانە ناڕەزایییەکانە کە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ئێرانی گرتووەتەوە. ئەم خۆپیشاندانانە لەدوای کوژرانی کچێکی کورد بە ناوی ژینا ئەمینی ڕوویداوە کە لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢دا بەھۆی ئەشکەنجە و لێدان لەلایەن پۆلیسەوە گیانی لەدەستدا. ئەو لە ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە تاران بەبۆنەی باش نەبەستنی حیجاب لەلایەن پۆلیسی ئاکاری ئیسلامیی تارانەوە دەستبەسەر کرابوو.[17] لە ساڵی ٢٠٢٣دا خۆپیشاندانەکان سەرکوت کران و دەسەڵاتدارانی ئێران توانیان دەسەڵاتیان بپارێزن.[18] ناڕەزایەتییەکان پێچەوانەی خۆپیشاندانەکانی پێشووی ئێران،[19] گەورەترین ھەڕەشە بۆ سەر حکوومەت[20] و گەورەترین بزووتنەوەی ناڕەزایەتی[21] لەدوای شۆڕشی ١٩٧٩ بوو.
خۆپیشاندانەکانی ٢٠٢٢ی ئێران | |||
---|---|---|---|
بەشێک لە دواھاتەکانی کوژرانی ژینا ئەمینی | |||
ڕۆژ | ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ – دەستپێکی ساڵی ٢٠٢٣ | ||
شوێن |
| ||
هۆکار | کوژرانی ژینا ئەمینی | ||
ئامانج | ڕووخانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، بنیادنانی دیموکراسی لە ئێران، لاچوونی حیجابی زۆرەملی، پێداچوونەوە بۆ دۆسیەی ژینا ئەمینی | ||
میتۆد | خۆپیشاندان، کۆبوونەوە، مانگرتن | ||
ئەنجام | سەرکوتی خۆپیشاندانەکان لەلایەن حکوومەتەوە | ||
بەشداری حیزبەکان | |||
| |||
کەسە دیارەکان | |||
| |||
زیانە گیانییەکان | |||
ئامارەکان ھەتا ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ |
بەوتەی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ھەتا ڕێکەوتی ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ (2023-01-06)[نوێکردنەوە]، لانیکەم ٥١٧ کەس[22] لە ئەنجامی دەستێوەردانی حکوومەت لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون، کە تەقەی ڕاستەوخۆشی تێدایە.[23][24][25] ئەو ناڕەزاییانە بە کوشندەترین خۆپیشاندانەکان لەدوای خۆپیشاندانەکانی ٢٠١٩-٢٠٢٠ ناسراوە کە بووە ھۆی کوژرانی زیاتر لە ١٥٠٠ کەس.[26]
ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، عەلی خامنەیی ئەو نائارامییە بەربڵاوانەی نەک ھەر بە «ئاژاوەگێڕی» بەڵکوو بە «شەرێکی تێکەڵاو» کە دەستی دەوڵەتانی بیانی و دژبەرانی دەرەوەی وڵاتی تێدایە ناساند.[27][28][29] ژنان، بە خوێندکارانی قوتابخانەشەوە، ڕۆڵێکی سەرەکییان لە خۆپیشاندانەکاندا گێڕاوە. ناڕەزایەتییەکان بێجگە لە داواکردنی زیادکردنی مافەکانی ژنان، خوازیاری ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بوون، ئەمەش ئەو خۆپیشاندانە لە بزووتنەوە ناڕەزایییە گەورەکانی پێشوو لە ئێران جیادەکاتەوە کە ئامانجیان لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان یان بوارە ئابوورییەکان بوو.[30] وەڵامی حکوومەت بۆ خۆپیشاندانەکان بەشێوەیەکی بەرفراوان شەرمەزار کرا.