ئۆگست کۆنت
From Wikipedia, the free encyclopedia
(ئیزادۆر ئوگست ماری فرانسۆ گزاویە کۆنت، بە فەرەنسی: Auguste Comte) لە ساڵی ١٧٩٨ لە شاری مونپیلیە لە باشووری وڵاتی فەڕەنسا لە خیزانێکی کاسۆلیکی ئیماندار لە دایک بووە. لە سەردەمیکدا کە بارودۆخیکی دژوار و ناسەقامگیر باڵی بەسەر ولاتدا کێشا بوو. شۆرشی فەرەنسی لە ھەڵگیرساندا بوو. باوکی (کۆنت) فەرمانبەرێکی حکومی بوو لە وەزارەتی دارایی کاری دەکرد و یەکێک بوو لەو کەسانەی کە دژی شۆرشی فەرەنسی بوو. دایکیشی ئافرەتێکی ئیمانداری کاسۆلیکی بوو کە ژیانی خۆی تەرخان کردبوو لەپێناو خزمەتکردنی خێزانەکەیدا. لە تەمەنی لاویەتیدا دوو رووداوی گرنگ لە ژیانی کونتدا بەرجستە دەبێت یەکەم رووداوی گرنگ لە تەمەنی (١٦) ساڵیدا بوو کاتێک پەیوەندی کرد بە قوتابخانەی (پۆلی تەکنیک)ەوە کە یەکێک بوو لە قوتابخانە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمە، بەتایبەت لە زانستەکانی وەک (بیرکاری، فیزیا، کیمیا، بایۆلۆجی)، بەڵام ئەم قوتابحانەیە گرنگی ئەوتۆی نەدەدا بە زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکان کە خولیای کۆنت بوو، بەڵام ئەمە نەبووە رێگر لەبەردەم کونتدا بەلکو بە پێچەوانەوە لە ماوەیەکی کورتدا توانی خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ئەو بارودۆخەدا و یەکیک بوو لە خوێندکارە لێھاتووەکانی ھەمان قوتابخانە. ئەو دەیویست نەک ھەر ئەوەی کە قوتابخانە تەواو بکات بەڵکو دەیویست دوای تەواوکردنی خوێندن لە ھەمان قوتابخانە وانە بڵیتەوە، بەڵام بەھوی بەشداری کردنی کونت لە خۆپیشاندانێکی خوێندکارانی ئەو قوتابخانەیە کە لە ساڵی (١٨١٦)دا رووی دا چیدی کۆنت نەیتوانی بەردەوام بێت لە خویندن لەو قوتابخانەیدا بەھۆی ئەوەی کە کۆنت لەگەڵ ھەندی لە ھاوڕێیانیدا لە خوێندن بێبەش کران, مافی خوێندنیان لەو قوتابخانەیەدا نەما. دووھەمین رووداوی گرنگ لە ژیانی ئوگست کونت لە ھاوینی (١٨١٧) رووی دا کاتێک ئاشنایی پەیدا کرد لەگەڵ یەکێک لە زانا و فەیلەسوفەکانی ئەو سەردەمەدا کە ئەویش (کلود ئەنری سان سیمۆن) بوو، ھەرچەندە (سان سیمۆن) سەر بە ئەرەستۆکراتییە فەرەنسییەکان بوو، بەڵام لە میانی شۆرشی فەرەنسیدا بووە یەکێک لە ئیشتراکییە نموونەییە ناوبانگەکان، ئەو کاتەی (کۆنت) ئاشنایی پەیدا کرد لەگەڵ (سان سیمۆن)دا تەمەنی (سان سیمۆن) لە سەرووی (٦٠) ساڵییەوە بوو، یەکیک بوو لەو بیریارانەی کە چاوەڕوانی لێدەکرا دەستێکی باڵای ھەبێت لە چاکسازیکردن و رێکخستن و چارەسەرکردنی بەشێکی زۆری کێشەکانی ئەو سەردەمەدا، پەیوەندییەکانی نێوان ئەم مامۆستا و سکرتێرە رۆژ بە رۆژ بەھێزتر دەبوو بەتایبەت لە بواری زانستیدا بە رادەیەک کە زۆر ئەستەمە کارەکانیان لە یەک جیا بکەینەوە ئەمەش لە کارە ھاوبەشەکەیاندا دەردەکەوێت بە ناوی (پلانی پڕۆسە زانستییە پێویستەکانی دووبارە رێکخستنەوەی کۆمەڵگا). خاڵی سەرەکی سەنتەری کاریان بریتیی بوولە یەکخستنەوەی سیاسەت و فیزیای کۆمەڵایەتی، بە واتایەکی دیکە سیاسەت ببێت بە فیزیای کۆمەڵایەتی کە لقێکە لە لقەکانی فیزیۆلۆژیا، بەڵام لە ساڵی(١٨٢٤) پەیوەندییەکانی نێوان ئەم مامۆستا و شاگردە بەرەو نەمان رۆشت تا گەیشتە رادەی ھێرش کردنە سەر یەکتر و یەکتر تۆمەتبارکردن. (کۆنت) ھەوڵی دەدا کە خۆی دەرباز بکات و نەکەوێتە ژێر کاریگەری ھزرەکانی مامۆستاکەیەوە، بەڵکۆ بتوانێ ھزرێکی تایبەت بە خۆی بونیاد بنێت، لەو قۆناغەدا(سان سیمۆن) جەختی دەکردەوە لە سەر چاکسازی لە رێی پیاوانی خاوەن سامان و پیشەوەرانەوە، لەکاتیکدا (کۆنت) پەرەسەندنی کاری تێۆری پرینسیپە زانستییەکانی بەلاوە گرنگ بوو، بە بنەمای سەرەکی ریفۆرمی راستەقینەی دادەنا، ھەروەھا (کۆنت) ھاتنە کایەی زانستێکی نۆی بەناوی (فیزیای کۆمەڵایەتی) بە پێویست دەزانی. پاش پچڕانی پەیوەندییان (کۆنت) لە بارودۆخێکی دارایی و گوزەرانێکی خراپدا دەژیا و لەسەر فێرکردنی بابەتی ماتماتیک دەژیا. لە ساڵی(١٨٣٠-١٨٤٢) کۆنت دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی وتار و نووسینەکانی، لێکۆلینەوەی ھێندە قووڵ و بەرفراوان بوون کە ژمارەیەکی زۆر لە بیرمەندانی ئەو سەردەمە ئامادەی کۆرەکانی دەبوون ھەر لەو قۆناغەدا بوو کە وانەی فەلسەفەی پۆزتیفیزمی دەوتەوە، بەڵام پاش ماوەیەک لە وتنەوەی وانەکاندا (کۆنت) تووشی نەخۆشی دەرونی بوو تا وای لێھات گەشتە ئەو رادەی کە ھەوڵی خوکوشتنی دا بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. تا لەکۆتاییدا نەخۆشی تەنگی بە کۆنت ھەڵچنی و لە سالی(١٨٥٧) لە تەمەنی (٥٩) ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.. ئەو بیرمەندانەی کە کاریگەرییان ھەبوو لە سەر کۆنت بریتیی بوون لە: (فرانسیس بیکن، گالیلۆ، تۆماس ھۆبز، مۆنتسکیۆ، کانت، سان سیمۆن، ئادەم سمس، دیوید ھیوم، ھیگل).
لەوانەیە ئەم وتارە بۆ گەییشتن بە ئاستی ستانداردی شێوازی نووسینی وتار لە ویکیپیدیادا، ویکیسازی پێویست ببێت. تکایە ئەگەر دەتوانن ئەم پەڕەیە باشتر بکەن. |
ئەم وتارە لەوانەیە پێویستی بە خاوێنکردن ھەبێت تا بگات بە شێوازی ستانداردی نووسین. |
ئۆگست کۆنت | |
---|---|
Isidore Marie Auguste François Xavier Comte | |
لەدایکبوون | Isidore Marie Auguste François Xavier Comte. ١٩ی کانوونی دووەمی ١٧٩٨ Montpellier (کۆماری یەکەمی فەڕەنسا) |
مەرگ | ٥ی ئەیلوولی ١٨٥٧ (٥٩ ساڵ ژیاوە) پاریس (ئیمپراتۆریەتیی دووەمی فەڕەنسا) |
گۆڕ | گۆڕستانی پێر لاشێز، Grave of Auguste Comte |
زانکۆ |
|
پیشە | فەیلەسووف، کۆمەڵناس، ماتماتیکزان، نووسەر |
ھاوسەر | Caroline Massin |
باوان |
گرنگترین بەرھەمەکانی ئۆگست کۆنت :
- چەند وانەیەک لە سەر فەلسەفەی پۆزەتیڤیزم لە پەرتوکیکی شەش بەرگیدا لە (١٨٣٠-١٨٤٢) بلاوی کردەوە.
- رێچکەیەک لە سیاسەتی پۆزەتیڤیزم لە چوار بەرگ پێکھاتووە کە تێیدا تێۆرەکانی کۆمەڵناسی پراکتیزەکردبوو، لە ساڵی (١٨٥١- ١٨٥٤).
- تێڕوانینەکانی دەربارەی دەوڵەت و کۆمەڵگا کە لە دوو بەرگدا بلاوی کردووەتەوە.
- تەندروستی عەقلی.